منداڵانى ئاسمان Children of Heaven

منداڵانى ئاسمان Children of Heaven
بەرهەمى ئێران 1997
دەرهێنەر: مجید مجیدى
سێناریست: مجید مجیدى
ئەکتەرەکان: محمد ئەمیر ناجى، ئەمیر فەرروخ هاشمیان، بەهارە سدیقى، نەفیسە جەعفەر محمدى، کەمال میر کەریمى…
منداڵانى ئاسمان چیرۆکى کوڕێکمان بۆ دەگێڕێتەوە کە لە ناوچە هەژارنشینەکانى تاران دا لەوپەڕى هەژارى و نەدارىداژیان بەسەر دەبات، ڕۆژێک بە ڕێک کەوت پێڵاوەکانى بزر دەبێت، ئیدى هەوڵ دەدات لەگەڵ خوشکەکەیدا ئەم کێشەیە بشارێرێتەوە بۆ ئەوەى باوکى بۆ کڕینى پێڵاوى تازە پارە قەرز نەکات.
بە گشتى فیلمەکە دەیەوێت کێشە بچوکەکانى کەسانى دەوڵەمەند وەک کێشەى گەورە لە لاى هەژارەکاندا بخاتە ڕوو.لەلایەکى تریشەوە جیاوازى چینە کۆمەڵایەتیەکان و ڕۆحى گەورەى چەند منداڵێک نمایش دەکات.
مجید مجیدى فیلم سازى ئێرانى خاوەنى چەند بەرهەمێکى سینەماییە کە توانیویەتى لە چەندین فێستیڤاڵى فیلم لە ناوەوەو دەرەوەى ئێراندا سەرکەوتنى گەورە بەدەست بهێنێت، یەکێک لەو فیلمانەى کە مجیدیى بە جیهان ناساند فیلمى “منداڵانى ئاسمان”ە. ئەم فیلمە بوویە هۆى ڕاکێشانى سەرنجى بینەران و ڕەخنەگرانى بوارى سینەما و وەک نوێنەرى سینەماى ئێران بۆ وەرگرتنى خەڵاتى ئۆسکار بۆ”باشترین فیلمى دەرەوەى ئەمریکا” دەستنیشان بکرێت، بەڵام دواتر لە وەرگرتنى ئەو خەڵاتە ناکام مایەوە. لەم فیلمەدا مجیدى بە هاوکارى چەند منداڵیک کە هیچ ئەزمونێکیان لە بوارەى سینەمادا نەبوو توانى بە سەرکەوتوویى پڕۆژە هونەرییەکەى بە ئەنجام بگەیەنێت. لە ڕووى سیناریۆى فیلمەکەوە ئەم فیلمە خاوەنى فیلمنامەیەکى زۆر بە پێز و پڕ مانایە، تا ئەو ئاستەى کە لە وڵاتى ژاپۆندا کورتەیەک لە ناوەڕۆکى ئەم فیلمە لە دووتوێى دە لاپەڕەدا لە نێو وانەى ئینگلیزى لە ژێر ناونیشانى “جووتێک پێڵاو” لە قۆناغى ئامادەیى دا بگونجێنرێت!
شایەنى باسە فیلمى منداڵانى ئاسمان خاوەنى چوار خەڵاتى فێستیڤاڵى فیلمى فەجرە لە ئێران و چەندین خەڵاتى تر لەسەر ئاستى جیهان، لەوانە: فێستیڤاڵى فیلمى مۆنترێیەڵ و فێستیڤاڵى سەنگاپورە و فێستیڤاڵى نیوپۆرت.