ستیگماتا

فیلمنامە: تۆم لازاروس، ریک رامەیج: Tom Lazarus ، Rick Ramage
بەرهەمى وڵاتى ئەمەریکا 1999
ئەکتەرەکان: پاتریشیا ئارکۆئێت، گابریێل بێرن، جۆناتان پرایس، نیا لۆنگ.
مۆزیک: مایکڵ هێینکڵ، سینێد ئۆکۆنۆر، مایک گارسۆن، بیڵى کۆرگان، کریس بۆردمەن، ئیلیا کمیراڵ، بژۆرک.
چەند نیشانەیەکى ستیگماتا (برینەکانى مەسیح لە کاتێکدا لە خاچ دراوە) لەسەر سەر جەستەى ئافرەتێکى ئەمەریکى دەردەکەوێت، بەشێوەیەک کە لەسەر مەچەکى دەستەکانىء سەرىء سنگى ئاسەوارى ئازار و ئەشکەنجەیەکى زۆر دەر دەکەوێتء خوێنیان لێ دەچۆڕێت. لەم میانەدا قەشەیەکى کاسۆلیکى لە ڤاتیکان ئەم ئافرەتە دەخاتە ژێر چاودێریەکى وردەوە هەتاوەکو پەى بە هۆکارى دەرکەوتنى ئەم برینە قوڵانە ببات. دواجار قەشەکە لە ڕێگەى ئەم ئافرەتەوە نهێنییەکى گەورە ئاشکرا دەکات کە لە دەرەنجامى ئەو دۆزینەوەیە ئایندەى کڵێساى کاسۆلیک دەخاتە مەترسییەوە.
فیلمى ستیگماتا گێڕانەوەیەکە لە دوایەمین وتە ونبووەکانى مەسیح، ئەم فیلمە ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە لە ساڵى 1945 ئینجیلێک دۆزراوەتەوە هەمان وتە ونبووەکانى مەسیح بووە کە بە هاوەڵەکانى(حواریون) گوتووەء ئەم ئینجیلە نوێیە دەسەڵاتى کڵێساى خستووەتە ژێر پرسیارەوە، بەم هۆیەوە کڵێسا ئەم ئینجیلەى بە دروست کراو و درۆینە لەقەڵەم دا!
فیلمى واتاگەراى ستیگماتا گرنگییەکى زۆر بە ڕەهەندى میتافیزیکى دەداتء چەمکە ئاینزایییەکان (مەزهەب) لە دیدێکى ڕەخنەئامێزانەوە دەخاتە ڕوو.
مۆرۆڤ لە مێژەوە ترسى لە هێزە نادیارەکانء دیاردە نائاساییەکانەوە هەبوءەء هەمیشە لە ڕووداوە نائاساییە کتوپڕەکان تووشى ترسء دڵەڕاوکێ بووە، دیاردەى ستیگماتا یەکێکە لەو ڕوداوە نامۆیانەء تووشى کەسانێک هاتووە کە هەردەم بیریان لە ئازار و ئەشکەنجەکانى مەسیح کردووەتەوە! واتە ئەو ئەشکەنجەء ئازارانەى کە عیسا مەسیح(س) لەکاتى لە خاچ دراندا بەدەست جولەکەکانەوە چەشتوویەتى.
ئەوەى کە جێگەى سەرنجە، لە جیهانى دەرەوەەى سینەمادا دیاردەى ستیگماتا لە چەند بارودۆخێکى جیاوازدا تۆمار کراوە، هەتا ئەمڕۆکە کڵێسا پشتگیرى لەم ڕاستییە نەکردووەء تەنانەت لەڕووى زانستى فیزیۆلۆژیشەوە هیچ پاساوێک بۆئەم دیاردەیە نەخراوەتەڕوو، بەڵام پسپۆڕانى بوارى پاراسایکۆلۆژى بە وردى ڕاڤەى هۆکار ء چۆنیەتى ئەم دەرکەوتەیەیان کردووە!