شانازى و دەمارگیری (غرور و تعێب)

شانازىء دەمارگیری (غرور و تعێب)
دەرهێنەر: جۆ رایت Joe Wright
بەرهەمى بەریتانیا 2005
فیلمنامە: جین ئۆستێن، دێبۆرا مۆگاچ، ئێما تۆمسۆن
Jane Austen ، Deborah Moggach ، Emma Thompson
ئەکتەرەکان: کیرا نایتلى Keira Knightley، ماتیۆ مەکفەجێن Matthew MacFadyen ، سایمۆن وودس Simon Woods ،دۆناڵد سوزەرلاند Donald Sutherland، برێندا بلێتین Brenda Blethyn.
مۆزیک: داریۆ ماریانێللى Dario Marianelli
کورتەیەک سەبارەت بە فیلمەکە:
بەریتاتیا، کۆتایی سەدەى هەژدەهەم – خێزانى بێنێت خاوەنى پێنج کچى پێگەیشتوون، بارودۆخى ئابوورییان خراب نییە، بەڵام دەولڕەمەندیش نین، مستەر بێنێتء هاوسەرەکەى هەوڵى دۆزینەوەى هاوسەرى گونجاو بۆ کچەکانیان دەدەن. مستەر بێنێتء هاوسەرەکەى بە مەبەستى ناساندنى کچەکانیان بە دراوسێ تازەکەیان لە ئاهەنگێکى تایبەت بە سەماى گەنجاندا کە چارڵز بێنگڵى دراوسێیان ڕێکى خستووە بەشدارى دەکەنء….
ئەڵبەتە مەبەستى سەرەکى ئەم فیلمە دەرخستنى هەڵسوکەوتى دوو کەسایەتییە: کوڕێکى مەغرور بە ناوى دارسى کەسیمبوڵى شانازییەء کچێکى متعێب بە نێوى ئێلیزابێت کە ئەویش سیمبوڵى دەمارگیرییە. دارسى بە ڕوخسارێکى لێوانلێو لە غرور بەهۆى شانازییەکەیەوە توشى چەند هەڵەیەک دەبێت، تەنانەت لە دەرخستنى خۆشەویستییەکەى بەرامبەر بە “ئێلیزابێت”یشدا هەر ئەسیرى غرورەکەى دەبێت، “ئێلیزابێت”یش دەمارگیرییەکى تایبەتى سەبارەت بە ئافرەت هەیە! لە بەرامبەردا پیاو بە بونەوەرێکى نەفامء بێ کەڵک دەزانێت، پاش تێپەڕ بوونى ماوەیەکء چەند ڕووداو و بەسەرهاتێک، دواجار شانازیى “دارسى” دەگۆڕدریتَ بۆ ڕەوشتێکى جوانء “ئێلیزابێت”یش پەى بە هەڵەکانى خۆى دەبات سەبارەت بەو بڕیارە کتوپڕانەى کە بە بێ تێڕامان دەیدان!
فیلمى “شانازىء دەمارگیرى” لەسەر بنەماى ڕۆمانێک بە هەمان ناونیشانەوە لە نوسەرێکى ئینگلیز”جین ئۆستێن”ەوە دروست کراوە. ئەم ڕۆمانە یەکەمین چیرۆکى “ئۆستێن”ە. ئەو ئەم چیرۆکەى لەساڵى 1796 لە کاتێکدا کە تەمەنى تەنها 21 ساڵ بووە نوسیویەتى.
ئەم فیلمە بۆ خەڵاتى ئۆسکارى باشترین ئێکسسوارات، ئۆسکارى بەهێزترین مۆزیکى فیلم دەپاڵێورێت، هەروەها کیرا نایتڵى لە ڕۆڵى “ئێلیزابێت” لەم فیلمەدا بۆخەڵاتى ئۆسکارى باشترین ژنە ئەکتەر دەپاڵێورێت.
فیلمى شانازىءدەمارگیرى لە لایەن ڕەخنەگرانى بوارى سینەماوە بە باشترین فیلمى وەرگیراو لە دەقى ئەدەبى “مقتبس”ى ئەم چەند ساڵەى ڕابردوو دەناسێنرێتء هەروەها نازناوى باشترین فیلمى ساڵى 2005 پێ بەخشراوە.