ئاو

Water
ئاو
دەرهێنان: دیپا مەهتا
سێناریۆ: دیپا مەهتا، ئەنوراگ کاشیاپ
بەرهەمى وڵاتانى هندستانء کەنەدا 2005
مۆزیک: میکائیل دانا
ئەکتەرەکان: سیما بیسواس، لیزا رایجان، جۆن ئابراهام، سارالا، بوزى ویکراما، وەحیدە ڕەحمان،ئیرانگەنى سیراسەنگهى
کورتەیەک لە چیرۆکى فیلمەکە:
ساڵى 1938، هندستان ژێردەستەى دەسەڵاتء هێزى بەریتانیایە. ماتما گاندى گەڕاوەتەوە بۆ وڵاتەکەىء هەوڵى بەدەستهێنانى سەربەخۆیى هندستان دەدات، هاوکات کیژۆڵەیەک بە ناوى چویا کە بە تازەیى بووەتە هاوسەرى پیاوێکى بەساڵداچوو، بێوەژن دەکەوێت. بە پێى بڕیارە ئایینیەکان دەبێت هەتا دواساتەکانى ژیان لە ماڵێکدا بە دوور لە خێزانەکەى لە بەشە پیرۆزەکەى شارى بێنارەسدا ژیان بەسەر ببات! بەڵام چویا هیچ زانیارییەکى سەبارەت بە ئایینى “هیندو” نییەء لە نێو ئەم خانووەشدا هەست بە نیگەرانیەکى زۆر دەکاتء….
دیپا مەهتا فیلمسازى هندى، بە بەرهەمهێنانى فیلمى ئاو خاڵێکى کۆتایى لەسەر فیلمە سیانییەکەى خۆى دادەنێت کە بە فیلمى “ئاگر” لە 1996 دا دەستى پێکرد و لە 1998یشدا بە فیلمى خاک”زەوى” درێژەى پێدابوو و دواجار بە فیلمى “ئاو” سیانییەکەى خۆى تەواو کرد. مەهتا کە بە دەنگى جیلى نوێى ژنانى هندستان ناسراوە، هەتا ئەمڕۆچەندین خەڵاتى بەنرخى بۆ فیلمەکانى پێبەخشراوە و لە نێوان فێمینیستەکاندا بە دەرهێنەرێکى سەرکەوتوو دێتە ئەژمار. بەڵام فیلمى “ئاو”ەکەى شتێکى زۆر بەهێزترى لە دووانەکەى پێشووى تێدایە! کە ئەوى لە فیلمێکى تەنها ژنانە وەدوور خستۆتەوەو گۆڕیویەتى بە ستایشنامەیەک لە پیاوێک -ماتما گاندى- . ئەم ستایش کردنە لە پیاو کە ژنێکى دەرهێنەر پێى هەستاوە بە خاڵێکى زۆر گرنگء هەستیار لەقەڵەم دەدرێت کە هەتا ئەوڕۆژە کەلێنەکەى لە سینەماى هندستاندا هەستى پێ دەکرا.